بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری پێشوی عێراق پێی وایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، ئەو وێرانییەی لە غەززە بینرا، ئێستا خەریكە لوبنانیش دەگرێتەوە. دەشڵێت، بڕیاری جەنگ لە عێراق لەدەست دەوڵەتدایەو هیچ گروپێكی شۆڕشگێر یان موقاوەمە ناتوانێت لەوبارەیەوە بڕیار بدات. هۆشداریش دەدات لەوەی كە "دەرچونی چەند هێزێكی چەكدار لە كۆنترۆڵی دەوڵەت، دەبێتە كۆتایی عێراق."
ئاوێنە: بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری پێشوی عێراق، لەمیانی دانیشتێكی دیالۆگ و گفتوگۆدا كە رۆژنامەی "شەرق ئەلئەوسەت" رێكخستوە، وتویەتی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێكی مەترسیدارەوەو ئەو هەڵكشانی گرژییانەی كە ئێستا هەن، "رویەكی نوێیان بە ناوچەكە بەخشیوە"و وتوشیەتی "ئێمە لەبەردەم كارەساتێكی گەورەداین. قەبارەی ئەو وێرانییەی كە لە غەززە بینیمان، ئێستا خەریكە فراوان دەبێت و لوبنانیش دەگرێتەوە."
بەرهەم ساڵح كە بەقسەی خۆی لەماوەی چەند هەفتەی رابردودا، لەگەڵ بڕیاربەدەستان لە بەغداو واشنتۆن دیداری هەبوە لەبارەی دۆخی ناوەكە، وتویەتی، وێڕای مەترسییەكانی ئەو جەنگەی هەیە، گەشبینە بە هەوڵەكان بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە.
بەرهەم ساڵح وتویەتی"هەوڵی جدی هەیە لە سەرتاسەری جیهانەوە بەتایبەت لە واشنتۆنەوە لەپێناو كەمكردنەوەی ئاكامە كارەساتبارەكانی جەنگ لە ناوچەكە."
لەبارەی تێوەگلانی عێراق لەو جەنگەی لە ناوچەكە هەیە، بەرهەم ساڵح وتویەتی، هیچ كەسێك هاندەری ئەوە نییە كە ببینێت عێراق لەو جەنگەوە گلاوە.
وتوشیەتی"دو مانگ لەمەوبەر لە بەغدا بوم، چاوم بە زۆرێك لە سەركردە باڵاكان كەوت. جەوهەری گفتوگۆكان ئەمە بو: یان ئەوەیە دەوڵەتین(وەك عێراق)، یان نادەوڵەت، چونكە ناكرێت لە یەك كاتدا هەردوكیان بین."
بەبڕوای بەرهەم ساڵح لە عێراق "بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە دەست دەوڵەتدایەو بڕیارێكی نیشتمانییەو بڕیاری كەسێك یان كۆمەڵێك یاخود گروپێكی شۆڕشگێر یان بزوتنەوەیەكی مقاوەمە نییە، هیچ یەكێك لەو گروپانە ناتوانن لەجێی گەلی عێراق بڕیار بدەن."
لەگەڵ ئەوەش بەرهەم ساڵح نیگەرانی خۆی لەبارەی ئەوەی كە هەندێك لایەن دەیانەوێت بەشداری بكەن لە شەڕەكەدا نەشاردۆتەوە و وتویەتی"بێگومان دۆخەكە زۆر سەختە، بەڵام دەبێت هۆشیار بین بەرامبەر شەڕێكی بەرفراوانتر لەناوچەكەدا، لەكاتێكدا عێراق پێویستی بەوەیە چیتر نەبێت مانشێتی هەواڵە گەرمەكان، چونكە پێویستی بەوەیە پشو بدات."
بەرهەم ساڵح جەختی كردۆتەوە كە دەبێت هەمو هێزە چەكدارەكانی عێراق بەرپرس بن بەرامبەر دەوڵەت و وتویەتی"دەرچونی چەند هێزێكی چەكدار لە كۆنترۆڵی دەوڵەت، دەبێتە كۆتایی عێراق."
هەروەها پێشی وایە "عێراق بەرگەی ناسەقامگیری ناگرێت" و "رێكخستنی دەسەڵاتی ئاسایش و سەربازیی لەڕێگەی گەرەنتیكردنی سەروەریی دەوڵەتەوە تاكە رێگەیە بۆ گەرەنتیكردنی ئارامی دراوسێكانی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان."