وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، ژنان بەشێكی دانەبڕاون لە ئاسایشی نیشتیمانی، هیودارین بتوانن سەركردایەتییەكی باش بكەن و لە هەموو وەزارەتەكاندا پلە و پۆستیان هەبێت.
ئاوێنە: عەبدول ئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، بەشداری لە كۆنفراسێك كرد سەبارەت بە سەركردایەتی كردنی ژنان لە ناوەندەكاندا و وتارێكی پێشكەش كرد.
عەبدول ئەمیر شەمەری ڕایگەیاند، ژنان بەشێكی دانەبڕاون لە ئاسایشی نیشتیمانی، وەزارەتی ناوخۆش ئارەزوو دەكات ژنان بتوانن سەركردایەتی بكەن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، هەروەها بە تەواوی پشتیوانی لە هەموو كارەكانیان دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت ژنان لە هەموو شوێنێكدا گرنگیان پێبدرێت و شوێنی پێویستیان پێبدرێت بۆ كاركردن و دابینكردنی ئەركی ئەمنیی و خزمەتگوزاریی، دەبێت ژنان پۆستیان لە سەرجەم وەزارەت و بەشەكاندا هەبێت.
جێگەی ئاماژەیە، ژنانیش هاوشێوەی پیاوان بەشێوەی ڕێژەیی لە ناوەند و دامەزراوەكانی عێراقدا كار دەكەن و ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، بەڵام هێشتا ژنان بەپێی پێویست دەرفەتیان بۆ نەڕەخسێندراوە کە لە حکومەتدا پێشەنگایەتی بکەن.