سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بارەگای كۆمەڵەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك ڕایگەیاند، پێشخستن و گەشەی بەردەوام پێویستی بە زەمینەی ئاشتیی هەیە، بۆیە داوا دەكات شەڕ و ململانێكانی ناوچە ڕابگیرێت و سەقامگیریی بۆ ناوچەكە بگەڕێندرێتەوە، چونكە پێشكەوتن بەدی نایەت تا شەڕی ناوچەكە ڕانەگیرێت.
ئاوێنه: محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشداریی ٧٩ یەمین كۆبوونەوەی كۆمەڵەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك كرد و وتارێكی پێشكەش كرد.
محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند: پابەند دەبین بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دۆزیینەوەی چارەسەری هاوبەشەكان، بەمەبەستی بنیاتنانی ئاییندەیەكی باشتر بۆ عێراق و ناوچەكە بەگشتیی.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو لایەكیش لەسەر ئەوە كۆكن، كە گەشە و پێشكەوتن لە هەموو بوارەكان بەدی نایەت، تا ئەو شەڕەی لە ناوچەكە هەیە ڕانەگیرێت، كە هەڕەشە لە ئاشتیی جیهان دەكات.
جەختی لەوە كردەوە، دەبێت هەموو لایەك كار بۆ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانە و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەن.
سەرەتایی ئەم هەفتەیە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە نیویۆرك و بڕیارە سوودانی لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان چاوی بە ژمارەیەك لە سەركردە و سەرۆكی وڵاتان و سەرۆكی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بكەوێت