2024-09-23   719     
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی لەوەڵامی قەیس خەزعەلیدا دەڵێت:"بەبیرتان دەهێنینەوە کە دەستور پەسەندیکردوەو دانی بەوەداناوە کە هێزی پێشمەرگە بەشێکی دانەبڕاوە لەسیستمی سەربازیی نیشتمانیی عێراق".
ئاوێنە: کیفاح مەحمود ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن لەبارەگای بارزانی ڕایگەیاند، "قەیس خەزعەلی ئێمە پێداچونەوەمان بەپەیامەکەتدا کردوە کە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەتەوە پێشکهشت کرد، سوپاسو پێزانینی خۆمان بۆ ئەو ناوەڕۆکە دەردەبڕین کە تێیدابوو، بەتایبەتی سەبارەت بەدەستور، وەک چۆن کارێکی باشتکرد لەجەختکردنەوە لەسەر پابەندبون بەدەستور".
کیفاح مەحمود نوسیویەتی، "بەبیرتان دەهێنینەوە کە دەستور پەسەندیکردوەو دانی بەوەداناوە کە هێزی پێشمەرگە بەشێکی دانەبڕاوە لەسیستمی سەربازیی نیشتمانیی عێراق، هەروەها ئەو هێزە مافی خۆیەتی چەکو تەقەمەنی پێبدرێت، کە هاوتای ئەو ڕۆڵە مێژوییە شەرەفمەندانەیەی بێت کە لەڕوبەڕوبونەوەی دیکتاتۆریەتو ڕژێمە ستەمکارەکاندا گێڕاویەتی".
ئەو ڕاوێژکارەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەوەی لەدەستوردا هاتوە تایبەت بەهێزی پێشمەرگە، هێزەکە ڕێنماییو سەپاندنی ئیرادە لەهیچ لایەنێک قبوڵناکات".
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لەوتارێکیدا لەکاتی بەشداریکردنی لەکۆنگرەی دوەمی بزوتنەوەی سادقون-ی سەر بەعەسائیب ئەهلی حەق وتی، "ڕەتیدەکەینەوە تۆپی هاویتزەر بدرێتە هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵکو هەر هێزێکی دیکەی خۆجێیی، جگە لەسوپای عێراق، پێویستە کاربکرێت بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو هەڵەیە، ئەو تۆپانە بگەڕێندرێنەوە بۆ سوپای فیدراڵی".
ڕۆژی 6ی ئابی 2024، کاروانێکی دیکەی ئەو کۆمەکو هاوکارییانەی هاوپەیمانان کە خۆی لەژمارەیەک تۆپی هاویتزەر دەبینیەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکهشی وەزارەتی پێشمەرگە کراو پاشان لەڕێوڕەسمێکدا ڕادەستی هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی (1و 2)ی وەزارەتی پێشمەرگە کران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕادەستکردنی ئەو تۆپانە بەهێزەکانی پێشمەرگە، بەڕەزامەندیی محەممەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانو سەرۆک وەزیرانی عێراق بوە.