بانكی ناوەندی عێراق بڵاوی كردەوە، خوێندنەوە و لێكۆڵینەوە بۆ سڕینەوەی سفرەكانی سەر دیناری عێراقی دەكەین، چونكە ئەمە وا دەكات كەمتر هەڵاوسان ڕووبدات و بەهای دیناری عێراق جێگیرتر دەربكەوێت.
ئاوێنه: بانكی ناوەندی عێراق سەبارەت بە هەوڵەكانیان بۆ لابردنی سفرەكانی سەر دیناری عێراق و پاراستنی بەهای دینار ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە مامەڵە بازرگانییەكاندا پشتبەستنیان بە دۆلاری ئەمریكی كەمكردەوە، هەروەها پڕۆژەی سڕینەوەی سفرەكانی سەر دیناری عێراقی كەوتووەتە ژێر پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوەی بەردەوام.
ئاماژە بەوەشكراوە، وڵاتان سفرەكانی دراوەكەیان دەسڕنەوە بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی دراوی نیشتمانی و ئاسانكردنی مامەڵە داراییەكان، ئەمەش وا دەكات كەمتر هەڵاوسان ڕووبدات و بەهای دراوەكەش جێگیرتر دەربكەوێت.
لەو چوارچێوەیەدا عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق دووپاتیكردەوە، بانكی ناوەندی بە هەمواركردنەوەی هەندێك سیاسەتی دراوی هاوتەریب لەگەڵ بارودۆخی نێودەوڵەتی، وەڵامی ئاڵنگارییە ئابوورییانەی جیهانی وەك بەرزبوونەوەی نرخی وزە و كەرەستەی خاو دایەوە.
وتیشی، بانكی ناوەندی عێراق هەڵگرتنی دراوی بیانی و یەدەگی زێڕی زیادكردووە بۆ بەرزكردنەوەی دۆخی دارایی و سەقامگیری وڵات، بە مەبەستی بەرزكردنەوەی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییە ئەگەرییەكان.