رۆژنامەیەكی ئەمریكی لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاوە بڵاویكردۆتەوە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتو رێككەوتنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق رابگەیەندرێت، بەپێی رێككەوتنەكە هێزێكی بچوكی ئەمریكییەكان لە عێراق دەمێنێتەوە بۆ دابینكردنی پشتیوانی لۆجیستی بۆ هێزە ئەمریكییەكان لە سوریا.
ئاوێنە: رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری دو بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكەوە بڵاویكردۆتەوە، واشنتۆن و بەغدا گەیشتونەتە رێككەوتن لەبارەی كشانەوەی هێزە ئەمریكا لە عێراق تاوەكو كۆتایی ساڵی 2026.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەداوە، هێزەكانی ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانان لە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتو لە بەغداو رۆژئاوای عێراق و چەند شوێنێكی دیكەی وڵاتەكە دەكشێنەوەو دوای ئەوەش لە كۆتایی ساڵی داهاتودا، هێزەكانی ئەمریكا لە هەولێر دەكشێنەوە.
هەروەها بەرپرسێكی ئەمریكی بە رۆژنامەكەی وتوە، هێڵە پانەكانی پلانی كشانەوەكە تەواوكراون، بەڵام هەندێك وردەكانی كۆتایی هێشتا ماون یەكلایی بكرێنەوە بەتایبەت ئەوانەی كە پەیوەندییان بە وڵاتانی ئەندامی دیكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە هەیە.
دو بەرپرسەكەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا وتویانە، رەنگە لە هەفتەی داهاتودا، رێككەوتنی نێوان واشنتۆن و بەغدا بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق رابگەیەندرێت.
هەروەها ئەو بەرسانە ئاماژەیان بەوەداوە كە بەپێی رێككەوتنەكە لەدوای ساڵی 2026یش هێزێكی ئەمریكی بچوك بە سیفەتی راوێژكری و بۆ دابینكردنی پشتیوانی لۆجستی بۆ هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەمێنێتەوە.
ئەمریكا نزیكەی 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سوریا هەن.