ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی عێراق: پكشنینی ورد بۆ ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بكرێت بەر لە هاوردەكردن
  2024-09-18       259       

ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كۆبوەوەو جەختی لەوە كردەوە كە پشكنینی ورد بۆ ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بكرێت بەرلە هاوردەكردنیان.

ئاوێنە: یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانیدا تاوتوێی پێشهاتە ئەمنییەكان و چەند پرسێكی دیكە كراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە بەشێكی كۆبونەوەكەدا راپۆرتێكی ورد لەبارەی روداوەكانی لوبنان خراوەتەڕو و ئەنجومەنەكە جەختی كردۆتەوە لەسەر بەردەوامی ناردنی هاوكاریی پزیشكی و مرۆیی بۆ فریاكەوتنی بریندارانی تەقینەوەكانی لوبنان.

ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانی جەختی لەوە کردەوە کە دەروازە سنورییەکان دەبێت ڕێوشوێنی پێویست و خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی هاککردن بەدوربن و هەروەها جەختی لە پشکنینی ئەمنی ورد لەسەر هاوردەکردن کردوەتەوە پێش گرێبەستکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکان پێش پرۆسەی هاوردەکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×