ئایا ئامێری خزمەتگوزاری پەیجەر لەعێراق هەیە؟
  2024-09-18       739       

لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندیی پەرلەمانی عێراق بەدواداچونی لەبارەی بونی ئامێر یاخود خزمەتگوزاری پەیجەر لە عێراق كردوەو دەڵێت، لە عێراق ئەو خزمەتگوزارییە كاری پێناكرێت.

ئاوێنە: كاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئامێر یاخود خزمەتگوزاری پەیجەر كە دوێنێ لە لوبنان بەهۆی تەقاندنەوەی هەزاران ئامێر سێ هەزار كەس بریندار بون و  نۆ کەس گیانیان لەدەستدا، لەعێراقدا کاری پێناکرێ.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندیی پەرلەمانی عێراق بەدواداچونمان کرد لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندیی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکان ئەو ئامێرە یاخود ئەو خزمەتگوزارییە لە سلکی مەدەنی و سەربازی کاری پێناکرێ، بەڵام هەر ئامێرو خزمەتگوزارێکی تری هاوشێوە ئەگەر هەبێت پێویستە پشکنینی بۆ بکرێ بۆ دڵنیابون.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، ئامێرەکانی خزمەتگوزاری پەیجەر کە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دروستکراون، پێشتر چەند گرامێک تێنتی کراوەتە پاترییەکەیەوەو لەدورەوە تەقێنراوەتەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×