سەرۆکی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی دەڵێت، گەر پرۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە تێپەڕێنرێت، ژنان ناچارن جانتاکانیان هەڵبگرن و عێراق جێبهێڵن.
ئاوێنە: سرود ئەحمەد، سەرۆکی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی بۆ داکۆکیکردن لە ژنان و کچان، بە دەنگی ئەمەریکای وتیشی،"گەر هەمواری یاسای باری کەسێتی دەنگی لەسەر بدرێت، ژیان لە عێراق بۆ ژنان و کچان ئەستەم دەبێت."
ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، پەرلەمانی عێراق كۆبوەوە خوێندنەوەی دوەمی بۆ پڕۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری كەسی ئەنجامدا.
هەموارەكە لەلایەن پەرلەمانتارە شیعەکانەوە پاڵپشتی لێدەکرێت، لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارە ژنەکان و چالاکوانانی ژنان دژی پرۆژە یاساکەن.
سرود ئەحمەد وتیشی"چاومان لە ڕۆڵی پەرلەمانتارە ژنەکانە، دەمانەوێت بزانین ڕۆڵیان چۆن دەبێت لەبەرەنگاربونەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتی."
هەمواری یاساكە هەر لە ناوخۆی عێراقدا كاردانەوەی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری مافی مرۆڤ، ناڕەزایەتییان لەبارەوە دەربڕیوە.
ناوەڕاستی مانگی رابردو، هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، هەمواری یاسای باری كەسێتی كە پەرلەمانی عێراق كاری لەسەر دەكات، لە ئەگەری پەسەندكردنیدا، لێكەوتەی كارەساتباری بۆ سەر مافەكانی ژنان و كچان دەبێت كە رێگە دەدات بە هاوسەرگیری كچانی 9 ساڵان و ئەو گرێبەستی هاوسەرگیرییانەش بەیاسایی دەكات كە تۆمارناكرێن و لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە ئەنجام دەدرێن.
رێكخراوەكە هۆشداریشی دابو كە ئەگەر ئەم كارە رەت نەكرێتەوە، ئەوا نەوەی ئێستا و داهاتوی ژنانی عێراق، لەسایەی سیتسمێكی یاسایی پیاوسالارانەی سەركوتكەردا دەخنكێنرێن.