پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دوەمی بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتی ئەنجامدا
  2024-09-16       268       

پەرلەمانی عێراق لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا خوێندنەوەی دوەمی بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتی ئەنجامدا، ئەوەش وێڕای ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و نێودەڵەتییەكان لەدژی هەمواری یاساكە.

ئاوێنە: پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، بە ئامادەبونی 169 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی خۆی كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا خوێندنەوەی دوەم بۆ پێشنیارە یاسای هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 لە هەردو ماددەكانی 2 و 10، ئەنجامدراوە.

ئەنجامدانی خوێندنەوەی دوەم بۆ هەمواری یاساكە، لەكاتێكدایە كە لەناوخۆ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناڕەزایەتی زۆر دەربڕدراوە بەرامبەر بەو هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق.

لەناوخۆ رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ و مافەكانی ژنان و هەروەها چالاكوانان چەندین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان لە دژی هەمواری یاساكە بەڕێوەبردوەو هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەنگاوەكەی پەرلەمانی عێراق ناڕەزایەتی لێكەوتۆتەوەو داوای راگرتنی كراوە.

ناوەڕاستی مانگی رابردو، هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، هەمواری یاسای باری كەسێتی كە پەرلەمانی عێراق كاری لەسەر دەكات، لە ئەگەری پەسەندكردنیدا، لێكەوتەی كارەساتباری بۆ سەر مافەكانی ژنان و كچان دەبێت كە رێگە دەدات بە هاوسەرگیری كچانی 9 ساڵان و ئەو گرێبەستی هاوسەرگیرییانەش بەیاسایی دەكات كە تۆمارناكرێن و لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە ئەنجام دەدرێن.

رێكخراوەكە هۆشداریشی دابو كە ئەگەر ئەم كارە رەت نەكرێتەوە، ئەوا نەوەی ئێستا و داهاتوی ژنانی عێراق، لەسایەی سیتسمێكی یاسایی پیاوسالارانەی سەركوتكەردا دەخنكێنرێن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×