كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردو دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسایەك كە كورد پشتیوانی دەكرد دواخرا
  2024-09-16       168       

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردو لەگەڵ دەستپێكردنیدا بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكەی دواخست كە دەنگدان بو لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی ئەو موڵكانەی كە بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە داگیركراون و پەرلەمانتارانی كورد پشتیوانی لە پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە دەكەن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، كۆبونەوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، بە ئامادەبونی 169 پەرلەمانتار دەستی پێكردوە.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق وتویەتی، بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكە كە دەنگدان بو لەسەر پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكەی دواخرا.

كۆبونەوەكە، جگە لەو بڕگەیە كە بۆ پەرلەمانتارانی كورد گرنگ بو دەنگی لەسەر بدرێت، دو بڕگەی دیكەش لەخۆدەگرێت كە یەكێكیان بریتییە لە خوێندنەوەی دوەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری كەسێتی كە شیعەكان پشتیوانی دەكەن و هەروەها بڕگەكەی دیكەیان بریتییە لە خوێندنەوەی دوەم بۆ هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی كە پەسەندكردنی بۆ سوننەكان گرنگە.

بەرلە كۆبونەوەكەی پەرلەمان، كاروان یاروەیس، ئەندامی كورد لە پەرلەمانی عێراق، وتی، شیعە و سوننە دژی دەنگدانن بە پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دەستبەسەرداگیراو بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە کە لەبەرژەوەندی کوردە لە ناوچە دابرێنراوەکان و داوا دەکەن دو رۆژ دوابخرێت.

هەر بەرلە كۆبونەوەكە، موحسین مەندەلاوی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە وەكالەت و شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە ئامادەبونی هادی عامری، سەرۆكی لیژنەی ماددەی 140 لەگەڵ سەرۆكی لیژنەكانی پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەی ماددەی 140 كۆبونەوە.

موحسین مەندەلاوی لە كۆبونەوەكەدا وتی، پارێزگای كەركوك خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی لە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكەی و سەقامگیری پارێزگاكەش پێویستی بە هاوكاری نێوان هەر سێ دەسەڵاتەكەو لەبەرچاوگرتنی هەستیاری ئەو دۆسیەیە لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەكانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×