ئەنجومەنی دادوەریی عێراق: رێكاری یاسایی دژی سەرۆكی دەستەی نەزاهە دەگرینەبەر
  2024-09-16       163       

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، حەیدەر حەنون، سەرۆكی دەستەی نەزاهەی عێراق لە چەند لێدوانێكدا سوكایەتی بە دەسەڵاتی دادوەریی كردوە بۆیە بڕیاریانداوە رێكاری یاسایی لەدژی بگرنە بەر.

ئاوێنە: ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ دوشەممە، ئەنجومەنەكەیان كۆبوتەوەو چەند پرسێكی تاوتوێ كردون.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی ئەنجومەنەكە بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی دادوەریی هاوبەش لەنێوان ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستاندا بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەكانی بەردەم كاری دادوەریی هاوبەش.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، ئەو لێدوانانەی حەیدەر حەنون، سەرۆكی دەستەی نەزاهەی عێراقی تاوتوێ كردون كە لە دو كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا لە 1ی 7 لە بەغداو 4ی 9 لە هەولێر، داونی.

ئەنجومەنەكە وتوشیەتی، لێدوانەكانی حەیدەر حەنون كە لە هەولێر داونی، تەنیا بانگەی ناڕاستن بەمەبەستی چەواشەكردنی رایگشتی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لێدوانەكانی سەرۆكی دەستەی نەزاهە، كاردانەوە بون بەرامبەر ئەو رێكارە یاساییانەی لەدژی گیراونەتەبەر لە بابەتی پارچە زەوییەك كە بۆ فەرمانگەی تۆماری خانوبەرە لە میسان تەرخان كراوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە بەهۆی ئەوەی لە لێدوانەكانیدا سوكایەتی بە دەسەڵاتی دادوەریی كردوە، ئەنجومەنەكەیان بڕیاریدا لە دادگای لێكۆڵینەوەی 3ی كەرخ، رێكاری یاسایی لەدژی حەیدەر حەنون بگرێتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×