راوێژكارێكی سودانی: دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری لەسەر موچەی فەرمانبەران نابێت
  2024-09-15       184       

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابوری دڵنیایی دەدات كە دابەزینی نرخی نەوت لەجیهاندا كاریگەری لەسەر دابینكردنی موچەی فەرمانبەران نابێت.

ئاوێنە: مەزهەر محەمەد ساڵح، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ یەكێك لە میدیا عێراقییەكان وتی، "ئەو قسانەی كە لەبارەی قەیرانی نەختینەی دارایی و دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران و چەند پرسێكی دیكەوە دەكرێن، دەنگۆ و شێواندنی سیاسیین و راست نین."

راوێژكارەكەی سودانی ئاماژەی بەوەشداوە "یەكەم جار نییە عێراق ڕوبەڕوی كێشەی دابەزینی نرخی نەوت دەبێتەوە، ئەمە كاریگەری لەسەر موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت نابێت."

مەزهەر محەمەد ساڵح دڵنیایی داوەتە فەرمانبەران و وتویەتی، فەرمانبەران كە ژمارەیان دەگاتە 4.5 ملیۆن فەرمانبەر، دڵنیا دەكەینەوە كە موچەكانیان بەتەواوەتی گەرەنتی كراوەو لەكاتی خۆیدا دەدرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەشێك لە شارەزایانی ئابوریی عێراقی لەماوەی چەند رۆژی رابردودا هۆشدارییان دا كە ئەگەری هەیە دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا ببێتە هۆی دواكەوتن یاخود كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی عێراق.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×