بانكی ناوەندی رەتیدەكاتەوە دۆلار بەنرخی رەسمی لە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بە گەشتیاران بفرۆشرێت
  2024-09-12       250       

بانكی ناوەندیی عێراق رەتیدەكاتەوە دۆلاری كاش بەنرخی رەسمی لە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بە گەشتیاران بفرۆشرێت و ئەو نوسراوی بەناوی بانكەكەیانەوە لەوبارەیەوە بڵاوكراوەتەوە ساختەیە.

ئاوێنە: بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئەو نوسراوەی رەتكردەوە كە بەناوی بانكەكەوە لەبارەی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی رەسمی بە گەشتیاران لە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بڵاوكراوەتەوەو رایگەیاند، ئەو نوسراوەكە ساختەیەو ناوەڕۆكەكەی دورە لە راستییەوە.

بانكەكە جەختیشی كردۆتەوە كە پڕۆسەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی رەسمی لەو شوێنانەی كە دیاریكراون لە فڕۆكەخانەكان وەك خۆی بەردەوامەو تەنیا لەو شوێنانەش دۆلار بە نرخی رەسمی دەدرێتە گەشتیاران.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ نوسراوێك بەناوی بانكی ناوەندیی عێراقەوە بڵاوكرایەوە كە تێیدا هاتبو لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوەوە لە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو، دۆلاری كاش بە نرخی رەسمی بە گەشتیاران دەفرۆشرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×