پزیشكیان: ئێمە عێراقێكی سەربەخۆمان دەوێت
  2024-09-11       204       


سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، سەردانەکەی بۆ عێراق بەمەبەستی بەدواداچونە بۆ ڕێککەوتنەکانی پێشو، لەگەڵ ئەنجامدانی ڕێککەوتنە نوێیەکان و پێویستە ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەردو وڵات چالاک بکەن، هەروەها دەشڵێت، "ئێمە عێراقێکی بەهێز، سەقامگیر، ئەمن و سەربەخۆمان دەوێت".

ئاوێنه‌: مەسعود پزیشکیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەكەیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاند، "سەردانەکەم بەمەبەستی بەدواداچونە بۆ ڕێککەوتنەکانی پێشو، لەگەڵ ئەنجامدانی ڕێککەوتنە نوێیەکان، هەروەها ڕێککەوتین لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەكی پسپۆڕ لە هەردو وڵات بۆ داڕشتنی پلانی ستراتیژی بۆ هاوکاریی فراوانتر و بۆ سودوەرگرتن لە دەرفەتی گەورەتر".

ئاماژەی بەوەشكرد، "پێویستە ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەردو وڵات چالاک بکەن بۆ ڕاگرتنی تیرۆریستان و ئەوانەی دەیەوێت ئاسایشی ناوچەکە بکاتە ئامانج، هەوەها هەڵوێستە هاوبەشەکانمیان سەبارەت بە دەستدرێژیی زایۆنیستەکان ڕون و ئاشکرایە".

مەسعود پزیشكیان باسی لەوەشكرد، "ئێمە عێراقێکی بەهێز، سەقامگیر، ئەمن و سەربەخۆمان دەوێت".

ئەوەشی خستەڕو، "سەردانەکە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بۆچونەکانمان و داڕشتنی پلانەکانی داهاتومان".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×