سەرۆکى شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق رایگەیاند، شەوى رابردوو دەنگى تەقینەوەیەک لە بنکەى راوێژکارانى نێودەوڵەتیی لە فڕۆکەخانەى بەغداد بیستراوە و بۆ زانینى راستى رووداوەکەش لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە، گوتیشى، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەى بەغداد ئاسایین.
ئاوێنه: تەحسین خەفاجى، سەرۆکى شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق رایگەیاند، شەوى رابردوو کاتژمێر 23 دەنگى تەقینەوەیەک لەناو فڕۆکەخانەى بەغداد و لەو بەشەى راوێژکارانى نێودەوڵەتیی کارى تێدا دەکەن بیستراوە، بەڵام زانیاریی لە بارەى جۆرى تەقینەوەکە و هۆکارەکەى نەدراوە بە هێزە ئەمنییەکان و هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتى نەگرتووەتە ئەستۆ.
گوتیشى، یەکە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدادیش ئاسایین و هیچ گەشتێک رانەگیراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، میدیاى عێراقى بڵاویانکردەوە، درەنگانێکى شەوى رابردوو، بە درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکى ئەمریکى لە نزیک فڕۆکەخانەى نێوەدەوڵەتى بەغداد.