دادگاى فیدڕاڵیی عێراق، رۆژى 6ـى مانگى تشرینی دووەمـی، وەک وادەى دادبینى لەسەر سکاڵاى راکان جبورى و حەسەن تۆران دیاریکرد، کە سکاڵاکاران داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوکیان کردووە کە تێیدا حکومەتى خۆجێى پێکهێندرا.
ئاوێنه: حەسەن تۆران، سەرۆکى بەرەى تورکمانیی و سەوسەن عەبدولواحید ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لەبەرەى تورکمان، سکاڵایەکیان لەسەر هەر نۆ ئەندامە بەشداربووەکەى کۆبوونەوەى هۆتێل رەشید تۆمارکردووە و داوایانکردووە دەرئەنجامى کۆبوونەوەکە هەڵبوەشێندرێتەوە.
هاوکات، راکان جبوورى ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک سکاڵایەکى لەسەر سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک تۆمارکردووە و بەهەمانشێوە داوایکردووە، دەرئەنجامى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک هەڵبوەشێندرێتەوەو کۆبوونەوەکەى بە"ناسایى" ناوبردووە.
لە 10ـى ئابى 2024، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک بە بەشدارى نۆ ئەندام لە کۆى 16 ئەندامى ئەنجوومەن لە هۆتێل رەشید لە بەغداد بەرێوەچوو، تێیدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەمەد حافز بە سەرۆکى ئەنجوومەن هەڵبژێردران، هاوپەیمانیی عەرەبى و بەرەى تورکمانى و فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد.