وەزیری بەرگری عێراق تەواوبونی گرێبەستی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی موشەکی M-SAM IIی کۆریای باشوری ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی داهاتوو گرێبەستەکە واژۆدەکرێت.
ئاوێنه: سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگهیاند، "ڕێککەوتنێکی نوێش دەکرێت بۆ پەرەپێدانی تۆپخانەی سوپای عێراق، ئەویش بەواژۆکردنی گرێبەستێک بۆ کڕینی تۆپی پێشکەوتوی سیزاری فەرەنسی 155 ملم، جگە لەپلانی مۆدێرنکردنو پەرەپێدانی تانکەکانی ئەبرامز".
ئەو ڕاپۆرتانەی لە 4ی حوزەیرانی 2024 بڵاوکراونەتەوە باس لەوەدەکەن، عێراق داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانییو موشەکیی بالیستیکی M-SAM IIی لەکۆریای باشور کردوە لەڕێککەوتنێکی گریمانکراودا بەبەهای 2.56 ملیار دۆلار.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئارمی ڕیکۆنیشن، هەشت پاتری M-SAM II لەلیستی خواستەکانی بەغدادان بۆ گەیاندنی خێرا بۆ عێراق.
لەمانگی ئاداری ئەمساڵدا بەغدا ڕایگەیاند، وهفدى سەربازییو تەکنیکیی ڕەوانەی چەند وڵاتێک کردوە بۆ گەڕان بەدوای بژاردەی بەرگریی ئاسمانیی، لەوانە چەکی دژە فڕۆکە، سیستەمی M-SAM II لەکۆریای باشور بەناوی Cheongung-II ناسراوە، توانای دابینکردنی بەرگرییەکی بەهێزی هەیە لەبەرامبەر فڕۆکەکانی دوژمنو موشەکی کروزو موشەکی بالیستیک، هەروەها پشت بەتەکنەلۆژیای "لێدان بۆ کوشتن" دەبەستێت.
هەروەک سیستەمەکە ڕادارێکی پێشکەوتوی تێدایە کە دەتوانێت لەیەک کاتدا چەندین ئامانج دەستنیشان بکاتو شوێنپێی بگرێت، مەودای کارکردنی 40 کیلۆمەترو دەتوانێت موشەکەکان لەبەرزی تا 15 کیلۆمەتر بەئامانج بگرێت.