چوارچێوەی هەماهەنگی: پشتیوانی لە سوودانی دەكەیین
  2024-09-10       201       

سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، هەموو لایەنەكانی ناو چوارچێوەكە پشتیوانی لە كارەكانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەن، چونكە سەركەوتنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەلایەن سوودانییەوە، بە سەركەوتنی خۆیان دەزانن.

عەقیل ڕدێنی سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە پشتیوانیان بۆ كارەكانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

عەقیل ڕدێنی ڕایگەیاند، دەنگۆكان لەسەر كشانەوە لە پاڵپشتیكردنی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق نادرووستە، چوارچێوەكەش بە هەموو هێزییەوە پشتیوانی حكومەتی ئێستا و سەرۆكەكەی دەكات، سەركەوتنی حكومەت سەركەوتنە بۆ هەموو هێزەكانی ناو چوارچێوەكەمان.

ئاماژەی بەوەشكرد، بوونی هەندێك جیاوازی لە دیدگاكاندا مانای ئەوە نییە ناكۆكی و ململانێ هەبێت، ئەم جیاوازییە لە بیروڕاكاندا شتێكی ئاساییە، بەڵام هەموو هێزەكانی ناو چوارچێوەكە پاڵپشتی سوودانی و حكومەتەكەی دەكەن و كار بۆ ئەوە دەكەن حكومەت لە پرسە جیاوازەكاندا سەركەوتوو بكەن.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا دەنگۆی ناكۆكی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بڵاوبووەتەوە، كە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەتایبەتی نوری مالیكی دژی سوودانی وەستاوەتەوە داوای لێكردوە دەست لەكاربكشێنێنەتەوە، ئەمەش وایكرد گومان درووست ببێت كە چوارچێوەی هەماهەنگی لە پشتیوانیكردنی سوودانی دەكشێتەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×