وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریكا گەیشتۆتە رێككەوتن كە لە ماوەی دو ساڵدا هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بكشێنەوەو پەیوەندیی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بگۆڕێت بۆ شەراكەتێكی ئەمنی بەردەوام.
ئاوێنە: سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "ئەلعەرەبیە" وتویەتی، لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریكا رێككەوتون لەسەر ئەوەی كە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە دو قۆناغ كۆتایی پێ بهێنرێت، قۆناغی یەكەم لەمساڵەوە دەستپێدەكات تاوەكو ساڵی 2025 و قۆناغی دوەمیش لەساڵی 2026 كۆتایی دێت.
وەزیری بەرگریی عێراق وتوشیەتی، وەزیری بەرگریی ئەمریكا پێی وابوە ماوەی دو ساڵ بەس نییە بۆ كشانەوەو داوای زیادكردنی ساڵێكی دیكەی كردوە بەڵام عێراق داواكەی رەتكردۆتەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، رانەگەیاندنی رێككەوتنی كشانەوەكە بەهۆی ئەو دۆخەوە بوە كە ناوچەكەی پێدا تێپەڕدەبێت و هەروەها بەهۆی نزیكی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكاوە بوە.
وەزیری بەرگریی عێراق جەختی كردۆتەوە كە بەغدا سورە لەسەر كۆتاییهێنان بە ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان و وتوشیەتی، لە رۆژانی داهاتودا رێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئەمریكا لەو بارەیەوە لە واشنتۆن ئیمزا دەكرێت.
لەگەڵ ئەوەش وتویەتی، عێراق هەوڵی پچڕاندنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا نادات بەڵكو پلانێكی ئەلتەرناتیڤی بۆ ئەو پەیوەندییە داڕاشتوەو دەیەوێت بەپێی تێڕوانینی حكومت پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن پەرەپێبدات.