عێراق رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی ڕێککەوتنێکی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌دات
  2024-09-08       211       


ڕاوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق بونی ڕێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان عێراق و واشنتن ڕەتکردەوە، سەبارەت بە وادەی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە لەو وڵاتەدا، لە کاتێکدا چاودێران پێشبینیان دەکرد هەڵوێستی ئەمریکا بگۆڕێت سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێستای دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، بەتایبەتی ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا سەربکەوێت.

ئاوێنه‌: سەبهان مەلا جیاد، ڕاوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌ العربی الجدید-ی راگه‌یاند، "تائێستا هیچ بونی ڕێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان عێراق و واشنتن واژۆ نه‌كراوه‌ سەبارەت بە وادەی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە لەو وڵاتەدا كه‌ چالاکی دەکەن".

6ی ئه‌م مانگه‌، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایکرد، واشنتن و بەغدا لەسەر پلانێک بۆ کشانەوەی وردە وردەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق گەیشتونەتە رێككه‌وتن، پلانەکە بریتی بو لە دەرچونی سەدان سه‌رباز تا مانگی (ئەیلول/9)ی 2025 و کشانەوەکە تا کۆتایی ساڵی 2026 تەواو ده‌بێت.

ڕاوێژکاری کاروباری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی له‌وه‌كردوه‌، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نییە لەسەر وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و دورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا، به‌ڵام گفتوگۆکان لەم چوارچێوەیەدا لە نێوان بەغدا و واشنتن دیسانەوە لە چەند ڕۆژی داهاتودا ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌. 

بەوتەی ئه‌و راوێژكاره‌ی سودانی، "تا ئێستا هیچ خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق دانەنراوە، بەڵام مەیلێک هەیە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق کۆتایی بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بهێنێت، ڕۆژانی داهاتوش شاهیدی خولی نوێی گفتوگۆی نێوان عێراق و ئەمریکا دەبین".

بەغدا و واشنتن لە خولی دوەمی گفتوگۆکەدا کە لە کۆتایی مانگی (تەممو/7)ی ڕابردودا لە واشنتن ئەنجامدرا ڕێککەوتن له‌سه‌ر پابەندبون بە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و بەرگرییەکانی عێراق و قوڵکردنەوەی هاوکارییە ئەمنییە دوقۆڵییەکان لە هەمو بوارەکاندا، هاوکات حکومەتی بەغدا پابەندبونی ڕەهای خۆی بۆ پاراستنی سه‌رباز و ڕاوێژکاران و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دوپاتکردەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×