نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی عێراقی پێشبینی دەكات كە ئەگەر نرخی نەوت بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوا لەماوەی شەش مانگی داهاتودا پێدانی موچە دوادەكەوێت و رەنگە كەمیش بكرێتەوە.
ئاوێنە: نەبیل مەرسوی، شارەزای ئابوریی عێراقی، ئەمڕۆ شەممە، لە نوسێنێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ 70 دۆلار و كەمكردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ 3.3 بەرمیل نەوتی رۆژانە، داهاتی نەوتی مانگانەی عێراق بۆ 9 ترلیۆن دینار كەم دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەو 9 ترلیۆن دینارە، مانگانە یەك ترلیۆن دیناری بۆ خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكان دەڕوات و 8 ترلیۆن دیناری لێ دەمێنێتەوە كە ئەوەش بەنزیكەیی تەنیا بەشی موچە دەكات كە تەواوی موچە لە عێراق مانگانە 7.5 ترلیۆن دینارە، ئەوەش لەكاتێكدا كە نیو ترلیۆن دیناریش لەو داهاتە نەوتییە تەرخان دەكرێت بۆ بابەتەكانی پسوڵەی خۆراك.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشداوە كە خەرجییەكانی دیكەی بەكاربردن و وەبەرهێنان لە رێگەی داهاتە نانەوتییەكانەوە دابین دەكرێت كە داهاتێكی كەمە، لەگەڵ قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی، بەوەش باج و رسومات زیاد دەكات و هەروەها قەرزەكانی سەر عێراق زیاد دەبن، پاشان دابەزینی ئاستی یەدەگی بیانی لە بانكی ناوەندیی دەستپێدەكات كە تاكە بەربەستی یەكەم و كۆتاییە لە عێراق ئەوەش لەسایەی نەبونی هیچ سندوقێكی دیكەی سیادی لە عێراق، كە ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی موچە لەماوەی دو مانگی داهاتودا كێشەی بۆ دروست ببێت.
نەبیل مەرسومی وتوشیەتی، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەگەر نرخی نەوت بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا لە ماوەی 6 مانگی داهاتودا پێدانی موچە دوابكەوێت و رەنگە موچە كەمیش بكرێتەوە.
ئەوە لەكاتێكدایە كە نرخی نەوتی خاوی برێنت دوێنێ هەینی لە كاتی داخستنی بازاڕەكانی جیهاندا لەسەدا 2ی بەهای خۆی لەدەستداو بە 71 دۆلار و 2 سەنت و هەروەها نەوتی تەكساس لەسەدا 2.14ی بەهای خۆی لەدەستداو بە 67 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوە كرا.
ئەو نرخە نزمترین نرخی نەوتی برێنتە لە مانگی 12ی 2021 و هەروەها نزمترین نرخی نەوتی تەكساسە لە مانگی 6ی 2023ەوە.