كەشناسی عێراق لەبارەی دەركەوتنی روناكییەك لە ئاسمانی چەند ناوچەیەك رونكردنەوە دەدات
  2024-09-07       232       

دەستەی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق رایگەیاند، ئەو روناكییەی كە لە ئاسمانی چەند ناوچەیەكی عێراق بینراوە لە ئەنجامی سوتانی نەیزەكێك بوە لە بەرگەهەوادا و روداوەكە، وەك ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس كراوە، هیچ پەیوەندییەكی بە رودانی بومەلەرزەوە نییە.

ئاوێنە: دەستەی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتی، لەدوای ئەوەی روناكییەك لە ئاسمانی سوریا، توركیا و عێراق بینرا، هەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی ئەوەیان كردوە كە ئەوە بروسكەیەكی بومەلەرزەییەو بومەلەرزەی بەدوادا دێت.

دەستەكە وتویەتی، ئەو روناكییە لە ئەنجامی سوتانی نەیزەكێك لە بەرگەهەوادا دروست بوەو هیچ بومەلەرزەیەك بەهۆی سوتانی ئەو نەیزەكەوە رونادات و هیچ پەیوەندییەكیش لەنێوان بومەلەرزەو سوتانی نەیزەكەكاندا نییەو بابەتەكە نیگەرانی ناوێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×