ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو عێراق گەیشتونەتە لێكگەیشتن، لەبارەی پلانی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و ئەو پلانەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، پێویستی بە رەزامەندی بەرپرسانی باڵای هەردو وڵاتە لەگەڵ كاتی راگەیاندنی، بەگوێرەی پلانەكە لەمانگی (ئەیلول/9)ی ساڵی (2025)، پرۆسەی كشانەوەی سەدان سەربازی ئەمریكا دەستپێدەكات، ئەو سەربازانەی دەمێننەوە تا كۆتایی ساڵی (2026) دەكشێنەوە، بەڵام سەربازە ئەمریكیەكانی هەرێمی كوردستان تا كۆتای 2026 دەمێننەوە.
ئاوێنه: ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی بە پشت بەست بە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو بابەتە بڵاویكردەوە، ئەمریکا و عێراق لەسەر پلانەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق گەیشتونەتە لێکتێگەیشتن.
ئاماژەی بەوەشكرد، پلانەکە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بەڵام پێویستی بە ڕێگەپێدانی کۆتایی هەردو پایتەخت و وادەی ڕاگەیاندنی هەیە، بەگوێرەی پلانەكە مانگی (ئەیلول/9)ی 2025 سەدان سەرباز عێراق بەجێدەهێڵن و ئەوانەی دیكەش تا کۆتایی ساڵی 2026 سەرجەمیان عێراق جێدەهێڵن.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "ئێمە ڕێککەوتنێکمان هەیە، ئێستا تەنها پرسیارەکە ئەوەیە کە کەی ڕایبگەیەنین."
سەرچاوەکان پێنج بەرپرسی ئەمریکی و دو بەرپرسی وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی و سێ بەرپرسی عێراقی لەخۆدەگرن، هەمویان بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت قسەیان کردوە، چونکە دەسەڵاتیان نەبوە بە ئاشکرا باسی ئەو بابەتە بکەن و چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوە کردوە کە دەکرێت لەم مانگەدا گرێبەستەکە ڕابگەیەندرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمریکا و عێراق هەوڵدەدەن پەیوەندییەکی نوێی ڕاوێژکاری دروست بکەن کە ڕەنگە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە دوای کشانەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، "سەرەتا بڕیاربو چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ڕاگەیاندنی فەرمی ئەنجام بدرێت بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی ناوچەیی پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە و بۆ ئاسنکردنی هەندێک وردەکاریی ماوەتەوە دواخرا".
فەرهاد عەلائەڵدین، ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دانوستانە تەکنیکییەکان لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە کشانەوەی هاوپەیمانان کۆتایی هاتوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە لێواری گواستنەوەی پەیوەندی نێوان عێراق و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئاستێکی نوێ، گرنگیدان بە پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لە بوارەکانی سەربازی، ئەمنی، ئابوری و کولتوریدا.
ناوبراو هیچ لێدوانێکی لەسەر وردەکارییەکانی پلانەکە نەدا و هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا وەڵامی پرسیارەکانی ئیمەیڵیان نەدایەوە.
ئەم ڕێککەوتنە دوای زیاتر لە شەش مانگ دانوستانەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دێت کە لە مانگی یەکدا لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەستیپێکرد، ئەوەش لەکاتێکدایە کە گروپە چەکدارەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە بنکەکانی عێراق جێگیرکراون.
ئەمریکا نزیکەی دو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سوریای دراوسێی هەیە، وەک بەشێک لەو هاوپەیمانییەی کە لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش پێکهێنرا.
ئەمریکا سەرەتا لە ساڵی 2003دا عێراقی داگیرکرد و دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، لەساڵی 2011 كشایەوە، بەڵام لە ساڵی 2014 بە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش گەڕایەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەك ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا، كە ئەوانیش بە سەدان سەربازەوە بەشداری هاوپەیمانییەکان كرد.
چاوەڕوان دەکرێت سەربازانی ئەمریکا و سەربازانی دیکەی هاوپەیمانان بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێکی دیکە و تا نزیکەی کۆتایی ساڵی 2026 لە هەولێر بمێننەوە، بۆ ئاسانکاریکردن بۆ ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا.