سەرۆکایەتی کۆمار: نیگەرانین لە دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم
  2024-09-06       294       

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکایەتی کۆمار نیگەرانە لە دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە بە توندی ئیدانەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر سیادەی عێراق دەکات.

ئاوێنە: هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، لەبارەی ناڕەزایەتیی و نیگەرانییەکانیان لە دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ دەنگی ئەمریکا دەدوێت.

هاوڕێ تۆفیق ڕایگەیاند، داوای هەڵویستی گشتی لە پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکەین، بەرامبەر بەم پێشیلکارییانە، هەروەها دەشڵێت: ئەم کارەی تورکیا کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییە بارزگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت لە داهاتوودا.

هەروەها ڕایگەیاند، سەرۆکایەتی کۆمار بەتەواوەتی نیگەران و بێزارە لە دەستدرێژییەکانی تورکیا، وەک سەرۆکایەتی کۆمار ئیدانەیەکی توندی ئەم دەستدرێژییە بەردەوامەی تورکیا دەکەین بۆ سەر سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمە پێشێلکردنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشێلکردنی هەموو پڕەنسیپێکی دۆستایەتییە لە نێوان دوو وڵاتی دراوسێ، چونکە جگە لە سنوورێکی هاوبەش پەیوەندی و جوڵانەوەیەکی بازرگانی بەهێز لەنێوان عێراق و تورکیا هەیە.

وتیشی: ” بەشێک لە هێرشەکان بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنییە کە هیچ پەیوەندیەکیان بە پرسی سیاسیی و سەربازیی و ململانێکانەوە نییە، بەتایبەتی کە لە نێوان عێراق و تورکیا کاغەزی لێکتێگەشتنی ئەمنیی واژۆ کراوە، بەهۆی ڕێگەی گەشەپێدانیشەوە ئومێد هەیە لە داهاتوودا جوڵانەوە بازرگانییەکان بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتریش، بەڵام ئەم هێرشانە زیان بەم بابەتانە دەگەیەنێت، ئەم دۆخە شایەنی ئەوەیە کە هەموو هەوڵەکان بەیەکەوە کۆبکەینەوە و هەڵوێستێکی بەهێزی یەکگرتوو وەربگیرێت.”

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×