سەدر داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی دەكات
  2024-09-06       436       

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدری داوادەكات لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ پشتیوانی لە غەززە ڕێكبخرێت و لە دوایین لێدوانی خۆیدا دەڵێت، "کفن لەبەر بکەن بۆ ئەوەی دەنگ و وێنەکەتان بگاتە هەمو جیهان ".

ئاوێنه‌: بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێكی موقتەدا سەدر كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە و داوای لە عێراقیەكان كرد، "لە كۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدای پایتەخت، خوپیشاندانێكی ملیۆنی بۆ جەختكردنەوە لەسەر پشتگیریكردن لە خەڵكی غەززە ئەنجامبدەن كە چەندین مانگە بە بەردەوامی لە لایەن ئیسرائیلی داگیركەرەوە هێرشی دەكرێتە سەر".

ئاماژەی بەوەشكرد، "بەشداربوانی خۆپیشاندانە ملیۆنییکە کفن لەبەر بکەن، بۆ ئەوەی دەنگ و وێنەکەتان بگاتە هەمو جیهان و ئەوەش وێنەیەکی ڕاستەقینەی هاوسۆزی گەلی عێراق بۆ دۆزی فەلەستین دەردەخات".

بەگوێرەی ڕاگەیاندروەكە، سەدر دەڵێت، "ئەوانەی باوەڕیان بە دۆزی فەلەستین هەیە و ئاشتییان خۆشدەوێت و ڕقیان لە تیرۆری زایۆنی و کۆمەڵکوژییەکانیەتی، داوا لە برا عێراقییەکانم لە هەمو چین و توێژەکانی دەکەم کە باوەڕیان بە دۆزی فەڵەستین هەیە، جگە لە گەندەڵکاران، بۆ ئەوەی بە خۆپیشاندانێکی ملیۆنی ئەنجام بدەن کە وێنەیەکی ڕاستەقینەی هاوسۆزی و پەرۆشی گەلی عێراق بۆ دۆزی فەلەستین نیشانبدات لەگەڵ برا زەحمەتکێشەکانمان لە غەززە".

جەختی لەوەشكردەوە، "خۆپیشاندانەكەی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا هێمنانەیە و بە پۆشینی کفن ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی دەنگ و وێنەکەتان بگاتە هەمو جیهان، بێ هیوام مەكەن". 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×