مالیكی: دوای كشانەوەی هاوپەیمانان هەوڵدەدەین ئاسایشى خۆمان بپارێزین
  2024-09-04       205       


سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبووەوە و ڕایگەیاند، دوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان، عێراق هەوڵدەدات ئاسایشى سەربازى و سیاسی خۆی بپارێزێت.

ئاوێنه‌: نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیكی سەبارەت بە كۆبوونەوەی مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ ئالینا ڕۆمانۆڤسكی، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ ئالینا ڕۆمانۆڤسكی، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە عێراق کۆبوونەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە هەوڵەكان بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە كرا و كۆمەڵێك پرس و دۆسێیەى هاوبەشیش تاوتوێ كران.

دەشڵێن، مالیكی لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لەسەر گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، هەروەها جەختی لەسەر كاراكردنی ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دوای ڕاگەیاندنی دەرچوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کردووە.

نووری مالیكی ئاماژەی بەوەشكرد، دوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان، عێراق هەوڵدەدات ئاسایشى سەربازى و سیاسی خۆی بپارێزێت.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، باڵیۆزی ئەمریكا پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری عێراق دووپاتکردەوە و جەختی لە بەردەوامی دیالۆگەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، بە مەبەستی بەهێزكردنی پڕۆژەی هاوبەش لە كەرتە گرنگ و جیاوازەكان.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×