میدیای ئیسرائیل: لەعێراقەوە هێرشی درۆنی کراوەتە سەر ئیسرائیل
  2024-09-04       238       

میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە عێراقەوە ژمارەیەک درۆن بەمەبەستی هێرشکردن ئاڕاستەی ئیسرائیل کراون.

ئاوێنە: ئاماژەشیان بەوە کردووە، درۆنەکان ئاڕاستەی ناوچەی حەیفا کراون و بەرلەوەی ئامانجەکانیان بپێکن خراونەتە خوارەوە.

لای خۆشیانەوە، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی بەناوی ژمارەیەک لە گرووپی ئیسلامی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە درۆن بەندەری حەیفایان کردۆتە ئامانج.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، گروپی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند،  لەگەڵ بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان بۆ سەر چەند ئامانجێکی گرنگ لە حەیفای ئیسرائیل ئەنجامداوە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، لە راگەیەندراوێکدا کە لە تەلەفیزیۆنەوە پەخشکرا، رایگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوبەشیان بۆسەر حەیفای ئیسرائیل ئەنجامداوە و ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی خۆی پێکاوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×