بڕیارە سبەی سێشەممە، پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوەو یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكەش ئەنجامدانی خوێندنەوەی دوەمە بۆ هەمواری یاسای باری كەسێتی، ئەوەش وێڕای ناڕەزایەتییەكان لەبارەی هەمواركردنەوەی یاساكەو داواكردنی كشاندنەوەی لە پەرلەمان.
ئاوێنە: سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەی سێشەممەی پەرلەمانی بڵاوكردەوە كە لە شەش بڕگە پێكهاتوە.
یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق، ئەنجامدانی خوێندنەوەی دوەەمە بۆ پێشنیارە یاسای هەمواری یاسای باری كەسێتی.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەمواركردنی یاساكە ناڕەزایەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لە روانگەی ئەوەی مافەكانی ژنان لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەو دواوە دەگەڕێنێتەوەو بە شودانی كچانی منداڵ زیاتر دەكات.
لەنێویترین ناڕەزایەتیدا دژبە هەمواری یاساكە، دوێنێ ژنە پەرلەمانتارەکانى عێراق دەستیان بە هەڵمەتێکى كۆكردنەوەی ئیمزا كرد بۆ کشاندنەوەى لە پەرلەمان، بەڵام هەمواری یاساكە زۆرینەى پەرلەمانتارە شیعەکان پاڵپشتیی دەکەن.
ناوەڕاستی مانگی رابردو، رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ لە راگەیەندراوێكدا وتی، هەمواری یاسای باری كەسێتی كە پەرلەمانی عێراق كاری لەسەر دەكات، لە ئەگەری پەسەندكردنیدا، لێكەوتەی كارەساتباری بۆ مافەكانی ژنان و كچان دەبێت كە رێگە دەدات بە هاوسەرگیری كچانی 9 ساڵان و ئەو گرێبەستی هاوسەرگیرییانەش بەیاسایی دەكات كە تۆمارناكرێن و لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە ئەنجام دەدرێن.
رێكخراوەكە هۆشداریشی دابو، ئەگەر ئەو پڕۆژەی هەموارە لە پەرلەمان رەت نەكرێتەوە، ئەوا نەوەی ئێستا و داهاتوی ژنانی عێراق، لەسایەی سیتسمێكی یاسایی پیاوسالارانەی سەركوتكەردا دەخنكێنرێن.