بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان، دو رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێم راگەیەندرا
  2024-09-01       407       

ئەنجومەنی باڵای دانیشتوان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوەوەو بڕیاریدا بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی 20 و 21ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکایەتی سێیەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای دانیشتوانی کرد و تێیدا تاوتوێ و بەدواداچون بۆ ئەو ئامادەکاریانە کرا، کە کاریان لەسەر دەکرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە مانگی تشرینی دوەمی داهاتودا.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە دراون:

■ سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دوەم بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری.

■ چارەسەرکردنی داواکارییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕاهێنانی کارمەندانی ئاماری بۆ پرۆسەی ژمارەدانان و ژماردن.

■ پاڵپشتیکردنی هەردو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پرۆسەی ئامار لەڕێگەی ئامادەکردنی هۆڵەکانی خوێندن بۆ ڕاهێنان، هەروەها سەنتەرەکانی گەنجان لەڕێگەی وەزارەتی وەرزش و لاوانەوە.

■ خێراکردن لە گواستنەوەی پێداویستییە داراییەکان و تەرخانکراوەکان بۆ تەمویلكردنی پرۆسەی سەرژمێری.

■ میوانداریکردنی سەرۆکی دەستەی ئامار و سیستمی زانیاری جوگرافی لەکۆبونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکاندا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا دیراسەی هەموارکردنەوەی یاسای خوێندنی زۆرەملێی ژمارە 118ی ساڵی 1976 پەسەندکرا لەگەڵ پشتگیریکردنی دەستەی کارگێڕی بۆ بنبڕکردنی نەخوێندەواری لە پارێزگاکان و دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی پێویست بۆی.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا ڕاپۆرتێک پەسەند بکرێت، سەبارەت بەو ڕێکار و پێوەرانەی کە بەدەست هاتون لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بە جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانەی کە لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا دەرکراون سەبارەت بە پرسی دانیشتوان، کە لە لایەن دەستەی ئامار و سیستمی زانیاری جوگرافی سەر بە وەزارەتی پلاندانان دەرچوە، بە مەرجێک پاشکۆکانی ڕاپۆرتەکە گرنگترین ئەو پێوەرە ئاماریانە لەخۆبگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×