فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، درۆنێك لە كەركوك كەوتۆتە خوارەوەو دوای كەوتنەخوارەوەی رۆن بۆتەوە كە توركییە. دەشڵێت، تیمێكی تەكنیكی پێكهێنراوە بۆ زانینی هۆكاری كەوتنە خوارەوەی درۆنەكە.
ئاوێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەعات 9:30 خولەكی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزی بەرگریی ئاسمانی عێراق، چاودێری هاتنی درۆنێكی بۆ نێو ئاسمانی كەركوك كرد، دوای بەدواداچون و زانینی هێڵی فڕینی فڕۆكەكەو گەیشتنی بە ئاسمانی سەنتەری شاری كەركوك كە بارەگای حكومی و ناوەندی ئابوریی گرنگ و ئامانجی ژیانی تێدایە، سەرجەم دەزگا ئەمنییەكان و هەروەها هێزەكانی هاوپەیمانان لەبارەی خاوەندارێتی درۆنەكە ئاگاداركرانەوە و دەركەوت كە درۆنەكە نەناسراوە.
فەرماندەییەكە وتوشیەتی، سەعات 10:30 خولەك تێبینی كەوتنە خوارەوەی درۆنەكە كرا لەناو شاری كەركوك و رون بوەوە كە درۆنی توركییە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، تیمێكی تەكنیكی لە بەڵگەی تاوان، بەرگریی ئاسمانی، كارمەندانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان پێكهێنرا بۆ زانینی هۆكاری كەوتنە خوارەوەی درۆنەكەو لێكەوتەكانی روداوەكە.