حكومەتی عێراق بڵاوی كردەوە، بەیانی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان بۆ ماوەیەک لە ئاسمانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی شاری كەركووك سوڕاوەتەوە، دواتر لەلایەن لیوای بەرگری ئاسمانی عێراق كەرتی كامپی كەی وەن خراوەتە خوارەوە، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەكە جۆری (ئەنكا)ـی توركییە.
ئاوێنه: حكومەتی عێراق سەبارەت بە خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە لە كەركووك ڕاگەیاندراوێكی بڵاوی كردەوە
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر ١٠:٢٥ خولەك فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی نەناسراو چووە ناو ئاسمانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی شاری كەركووك، پاش كاتژمێرێك بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بانستیێری فەرەنسی و لەلایەن لیوای بەرگری ئاسمانی عێراق كەرتی كامپی كەی وەن خراوەتە خوارەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە بەسەر یەكێك لە خانووەكانی گەڕەكی تسعین لە ناو شاری كەركووك كەوتووەتە خوارەوە و تەنیا زیانی ماددی بەر خانووەكە كەوتووە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە كاتی پشكنینی پاشماوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەدا دەركەوتووە لە جۆری (ئەنكا)ـی توركییە.
پێشتر فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق بڵاوی كردەوە، بەیانی ئەمڕۆ بەپێنج مووشەك فڕۆكەیەكی دەوڵەتی توركیایان خستووەتە خوارەوە، دەشڵێت: لەو پێنج مووشەكە تەنیا مووشەكێكی بەر فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە كەوتووە.