عێراق هەشت هەلیكۆپتەری نوێی سەربازیی لە ئەمریكا وەرگرت
  2024-08-29       227       

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا حەوت هەلیكۆپتەری بێڵ ٥٠٥ـی لەلایەنی ئەمریكاوە وەرگرتبوو، ئەمڕۆش هەشت هەلیكۆپتەری نوێی سەربازیی دیكەی مەشق و ڕاهێنان لەلایەن ئەمریكاوە وەرگرتووە.

ئاوێنه‌: تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاند، لە كۆتایی ٧ـی تەمموزی ڕابردوودا عێراق حەوت هەلیكۆپتەری بێڵ ٥٠٥ـی لەلایەنی ئەمریكاوە وەرگرت، كە هەلیكۆپتەرێكی پێشكەوتوون لە بواری مەشق و ڕاهێنان و ئامادەكردنی فڕۆكەوان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ هەشت هەلیكۆپتەری نوێی سەربازیی دیكەی مەشق و ڕاهێنان لەلایەن ئەمریكاوە وەرگرتووە، ئەمانە بۆ هێزی فڕۆكەوانی سوپا زۆر گرنگە و فەرماندەی زەمینی پێویستی پێیەتی، چونكە ئەم هێلیكۆپتەرانە پشتگیری لە مانۆڕ و ئۆپەراسیۆنەكان دەكەن.

دەشڵێت: ئەم چەكە كاریگەری و توانای بەرزی خۆی لە كاتی شەڕەكاندا سەلماندووە، بۆیە ئەم هێلیكۆپتەرانە لە بەرژەوەندی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندان بەكاردەهێنرێت، جا چی بۆ هێزی ئاسمانی سوپا بێت یان بۆ بەرگری ئاسمانی بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، وەرگرتنی ئەم هێلیكۆپتەرانە لە كۆی ئەو ١٥ هێلیكۆپتەرە بوو، كە گرێبەستێكی نێوان عێراق و ئەمریكا كڕدراوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە چەند مانگی پێشوودا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا سەردانی ئەمریكای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆبوویەوە، لە چوارچێوەی ئەو كۆبوونەوانەدا چەند ڕێككەوتنێك و گرێبەستێك واژۆكرا، یەكێك لە گرێبەستەكان كڕینی ئەو ١٥ هێلیكۆپتەرە بوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×