سودانی: عێراقێکی سەقامگیر ھێزێکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە
  2024-08-27       281       
عەبدولفەتاح سیسی، محەمەد شیاع سودانی

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراقێکی سەقامگیر، ھێزێکە بۆ وڵاتانی ناوچەکەو جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەتوانێت ببێتە گۆڕەپانێک بۆ لێکنزیکبونەوەی نێوان وڵاتان.

ئاوێنه‌: نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سودانی لەکۆشکی عەلەمین چاوی بەعەبدولفەتاح سیسی، سەرکۆماری میسر کەوتووە.

ڕاشیگەیاندووە، لەدیدارەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و میسر تاوتوێکراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی گرنگی پەرەپێدان بەھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردو وڵات لەبوارە جیاجیاکاندا.

باسی لەوەشکردووە کە لەمیانی دیدارەکەدا، ژمارەیەک پرسی ھەرێمی و نێودەوڵەتی "لەسەرویانەوە بەردەوامی دەستدرێژییەکانی زایۆنی بۆسەر فەڵەستینییەکان لەغەززە، خراونەتە بەرباس".

ئەوەشی خستووەتەڕو، لەبارەی پەیوەندیی و هاریکاریی، ھەنگاوی گرنگ نراوە کە سودی بۆ ھەردو وڵات و سەقامگیری ناوچەکەش دەبێت، جەختیشیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق هەماهەنگی و کارئاسانی دەکات بۆ کۆمپانیا میسرییەکان، بەتایبەتی لەبوارەکانی نیشتەجێبون، کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی ئاودا.

به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەکردووە کە عێراقێکی سەقامگیر، ھێزێکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، وڵاتەکەی دەتوانێت ببێتە گۆڕەپانێک بۆ لێکنزیکبونەوەی نێوان وڵاتانی ناوچەکەو وڵاتانی دۆست.

ئاماژە بەوەشکراوە کە سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی پەرۆشی ئەوە بووە کە ھاریکارییە ھاوبەشەکانیان لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا پتەو بکات و دوپاتیکردووەتەوە کە بەھێزبونی عێراق کۆڵەکەیەکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، ھەروەھا ستایشی ھەنگاوەکانی حکوومەتی عێراقی کردووە لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیری، گەشەپێدان و کرانەوەی ئابووری لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و جیھان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×