ئەو كەسانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەن دەبێت خولێكی یەك مانگی ببینن
  2024-08-27       378       

سەرۆکی لیژنەی ئافرەتان و منداڵان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەكەیان لە هەوڵی داڕشتنی پڕۆژە یاسایەكدایە كە تێدایە ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەن، ناچار دەبن خولێكی یەك مانگی ببینن و دوای خولەكە بڕوانامەیان پێ دەدرێت بۆ جێبەجێكردنی ڕێكارە یاساییەكان.

ئاوێنه‌: دونیا شەمەری، سەرۆکی لیژنەی ئافرەتان و منداڵان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، لە میانی کۆبونەوەی لیژنەکە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئافرەتان ئەو پێشنیازەكرا و باس لە پێویستی دامەزراندنی "دامەزراوەی خێزان" کرایەوە، كە ئامانجی ئاشناكردنی خێزانەکانە بە ماف و ئەرکەکان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ دەبینین زۆرێک لە هاوسەرە نوێیەکان ئەو شارەزاییەیان نییە کە پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی هاوبەشیان بە شێوەیەکی دروست، بۆیە پێشنیازیان كردوە خولێك بۆ ئەو كەسانە بكەنەوە كە دەیانەوێت پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن و خولەكە بابەتەكانی توندوتیژی خێزانی لەخۆدەگرێت.

باسی لەوەشكردوە، خولەكە بە ناچاری دەبێت بۆ هەمو ئەو كەسانەی بەنیازن هاوسەرگیری بكەن و دوای تەواوكردنی، بڕوانامەیەكیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی ڕێكارە یاساییەكانی پێ تەواو بكەن لەبەردەم دادوەر، بڕیارە ماوەی خولەكە یەك مانگ بێت.

ئەوەشی خستەڕو، لیژنەی ئافرەتان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق لە قۆناغی داڕشتی پلان و بەرنامەی وردایە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و ئامانجی ئەو دەستپێشخەرییە پاراستنی دامەزراوەی خێزانییە، کە بە یەکێک لە دامەزراوە گرنگەکانی کۆمەڵگا دادەنرێت.

ئەلشەمەری ڕونیکردەوە، لیژنەکەیان ئاواتەخوازە لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئاشنابون و هاوکاری نێوان هاوسەرەکان زیاتربكات، ئەگەر ئەو پێشنیازە ببێتە یاسا و جێبەجێ بكردێت، ئەوا بۆ هەموان ئیجباری دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×