“بەشێکی هێزەکەی حەشدی شەعبی لە گەرمیان کشایەوە”
  2024-08-25       450       

پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت بەشێکی ئەو هێزەی حەشدی شەعبی پاشەکشەی کردووە کە بە بیانووی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دژی تیرۆریستان ویستوویانە دەست بەسەر بیرەنەوتێکی گەرمیاندا بگرن.

ئاوێنە: کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاتبوونە ناوچەی کوڵەجۆی زەنگاباد و ویستیان دەست بەسەر بیرە نەوتێکدا بگرن پاشەکشەیان کرد.

وتیشی: “دوای بەدواداچوونمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان ئاگادار کراینەوە لەوەی ئەو هێزەی حەشدی شەعبی بەشێکیان پاشەکشەیان کردووە و بیرە نەوتەکە لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازی گەرمیانەوە دەپارێزرێ و ئێستا فەرماندەی فەوجەکە کاک فارس گەڵالی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە خۆی لەوێیە و ئەو هێزەی پۆلیسی نەوت و گاز ئامادەنەبوون بیرە نەوتەکە چۆڵ بکەن”.

کاروان یاروەیس ڕاشیگەیاند، هێزەکەی حەشدی شەعبی بەبیانووی ئۆپەراسیۆن و دزەکردنی ژمارەیەک تیرۆریست بەبێ ئاگاداری و پرسکردن هاتوون، بەڵام ئەگەر واشبێ دەبوو لەگەڵ پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنیەکانی سنورەکە هەماهەنگی بکەن و زانیاریەکان بدەن بەوان یا بەیەکەوە ئۆپەراسیۆن بکەن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×