فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی توركیا ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوە دەكەن توركیا و عێراق رێككەوتون لەسەر كۆتاییهێنان بە بونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عێراق.
ئاوێنە: فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی توركیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەو هەواڵانە رەتدەكەنەوە كە باس لەوە دەكەن بەپێی ئەو رێككەوتنە ئەمنییەی كە لەنێوان بەغداو ئەنقەرە لەم دواییانە ئیمزاكرا، دەبێت كۆتایی بە بونی هێزەكانی توركیا لەنێو خاكی عێراق بهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، هیچ بەندێك لەو جۆرە لەو یادداشتی لێكتێگەیشتنەدا نەهاتوە كە لەنێوان توركیاو عێراق لەبارەی هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی ئیمزاكراوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەپێی رێككەوتنەكە، هەردو وڵات ناوەندێكی هەماهەنگی هاوبەش لە بەغدادو هەروەها ناوەندێكی راهێنان و هاریكاریی هاوبەش لە باشیك دروست دەكەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی توركیا، ئەو دو ناوەندە دەبنە مایەی "سەركەوتن بەسەر ئەو هەڕەشانەی كە رێكخراوە تیرۆریستییەكان لەسەر سەروەری و ئاسایشی هەردو وڵات و ناوچەكە دروستی دەكەن."
هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە توركیا بەوپەڕی هێزییەوە بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەكانی خۆی دژبە "تیرۆر" لەناوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵات.