لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چاپكردنی دراوێكی نوێ ڕەتدەكاتەوە
  2024-08-22       229       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بانكی ناوەندی هیچ نیازێكی چاپكردنی دراوی كاغەزی نوێی نییە، دەشڵێت، ئەو پارەیەی مانگانە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق پێویستە نزیكەی حەوت ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینارە.

ئاوێنه‌: موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بوونی خواستێك بۆ چاپكردنی دراوێكی نوێ و ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

موعین كازمی ڕایگەیاند، لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە هیچ نیازێك بۆ چاپكردنی دراوێكی كاغەزی نوێ نییە، وەزارەتی دارایی دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەستیكرد بە دابینكردنی پارە بۆ وەزارەت و پارێزگاكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق چوار ملیۆن كەسە و ئەو پارەیەشى مانگانە پێویستە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران نزیكەی حەوت ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینارە مانگانە، ئەم بڕە پارەیە ئامادە دەكرێت و كێشەی نییە.

ڕوونیشی كردەوە، نەختینەی پێویست لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دابین دەكرێت و دەگەیەنرێتە وەزارەتی دارایی، هەروەها سەبارەت بە نەختینەیی داراییش هیچ كێشەیەكی گەورە نییە.

موعین كازمی لە كۆتایدا وتی: ئێستا هەناردەی ڕۆژانەی نەوت نزیكەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیلە، نرخیشی زیاتر لە ٧٥ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×