ئێلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نیگەرانى خۆى لە پرۆژە هەمواری یاسایی باری کەسێتی نیشاندەدات و داوا لە عێراقییەکان دەکات رێزی تەواو لە مافەکانی ژنان و منداڵان بگرن.
ئێلینا رۆمانۆسکی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس نوسیوویەتی "لەبارەى پرۆژە هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراقی هەست بە نیگەرانی دەکەین". بۆچوونى وایە ئەو پرۆژە یاسایە دەبێتە هۆکاری پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان.
رۆمانۆسکی، داوا لە عێراقییەکان دەکات، بەگفتوگۆیی شارستانییەوە سەرقاڵبن و رێزی تەواو لە ئازادی ئایینی و مافەکانی ژنان بگرن.
رۆژی 4ی ئابی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، بڕگەی هەموارکردنەوەى یاسای باری کەسێتی بۆ خشتەی دانیشتنەکانی زیادکرد.
لەدانیشتنەکانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بەهۆی ناڕەزایەتی پەرلەمانتاران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموارى یاسای باری کەسێتیی عێراق ئەنجامنەدرا، بەڵام دوای پشتیوانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لە یاساکە، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.