سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ڕایگەیاند، لە هێرشەکەی 6ـی ئاب تاوەکو ئێستا، هێزەکانی ئۆکرانیا زیاتر لە 1250 کیلۆمەتر چوارگۆشە و 92 شارۆچکەیان لە هەرێمی کورسکی ڕووسیا کۆنترۆڵ کردووە.
زێلینسکی لە وتارێکیدا بۆ باڵیۆزەکان لە کیێڤ گوتی: چەکدارانی ئۆکرانیا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانیان لە کورسک. تا ئێستا هێزەکانمان دەستیان بەسەر زیاتر لە 1250 کیلۆمەتر چوارگۆشەی ناوچەی کورسک و 92 شارۆچکەدا گرتووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە هاوپەیمانانی ئۆکرانیا کرد، ڕێگە بە هێرشی چەکی ڕۆژئاوایی بدەن بۆ ناو قوڵایی ڕووسیا و گوتی: ڕێگریکردن لەو هێرشە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا نەتوانن پێشڕەوی هێزەکانی ڕووسیا لە بەرەکانی پێشەوە لە ڕۆژهەڵات بوەستێنن.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، جەنەراڵ ئاپتی ئالادینۆڤ، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ڕووسیا ئاشکرای کرد "نزیکەی 12 هەزار سەربازی سوپای ئۆکرانیا لە سنووری هەرێمی کۆرسک پەڕیونەتەوە خاکی ڕووسیا کە ژمارەیەکی زۆریان چەکدارانی بیانیین و زۆربەشیان کوژراون".
هەر بەهۆی پەڕینەوە جەنگ بۆ نێو خاکی ڕووسیا پارێزگاری بێلگورۆد، ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ، دۆخی نائاسایی لە سنووری پارێزگاکە ڕاگەیاندووە و دەشڵێت: ماوەیەکە بارودۆخی بێلگورۆد بەهۆی تۆپبارانی چەکدارەکانی ئۆکرانیا زۆر ئاڵۆز و دژوار بووە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و چەند خانووێکیش وێران بوون.
لە شوباتی سالی 2022، ڕووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر خاکی ئۆکرانیا و بەشێکی زۆری خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، هەروەها سەدان هەزار کەس کوژراو و بریندار بوون و بە ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارە بوون.