پاش ئەوەی دەنگۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون لە عێراق بڵاوكرایەوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق دڵنیایی دەدات كە تا ئێستا هیچ توشبویەک بە نەخۆشییەكە تۆمارنەکراوە.
ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێکدا وتی"دوای ئەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون دۆخی نائاسایی لە جیهاندا راگەیاند، وەزارەتی تەندروستیی دڵنیایی تەواو دەدات لەوەی تائێستا هیچ حاڵەتێکی ئەو نەخۆشییە لە عێراق تۆمارنەکراوە."
وتیشی، دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیان کە وەزارەتەکەیان هەمو رێوشوێن و ئامادەکارییەکی پێویستی بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو نەخۆشییە و رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی گرتوەتەبەر.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردۆتەوە كە باس لە تۆمارکردنی دو حاڵەت دەکەن لە بەغدا و ناسرییە.