بەرپرسێكی ئەمنیی پێشووی سعودیە ئاشكرایكرد، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە واژۆیەكی شا سەلمانی باوكی ساختەكردووە، كە بەهۆیەوە شەڕی سعودیە و حوسییەكانی یەمەن بەرپابوو.
سەعد جابری، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی سعودیە كە ئێستا لە كەنەدا دەژی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی بی بی سی ئاماژەی بەوەكردووە، محەمەد بن سەلمان، واژۆیەكی شا سەلمانی باوكی ساختەكردووە، بەهۆی ئەو واژۆوە شەڕی نێوان سعودیە و حوسییەكانی یەمەن هەڵگیرسا و چەندین ساڵە بەردەوامە.
تاوەكو ئێستا دەسەڵاتدارانی سعودیە وەڵامی ئەو تۆمەتەیان نەداوەتەوە، بەڵام پێشتر رایانگەیاندبوو، جابری بەرپرسێكی پێشووی سعودیەیە و متمانەی لەدەستداوە.
سەعد جابری، چەندین ساڵە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعودیە كێشەی هەیە و تۆڕەكە ئاماژەی بەوەكردووە، پێشتریش دوو منداڵەكەی جابری زیندانیكراون تاوەكو ناچاری بكەن بگەڕێتەوە سعودیە.
لەئێستادا محەمەد بن سەلمان، بە دەسەڵاتداری یەكەمی سعودیە ناودەبرێت و لەبری شا سەلمانی باوكی كە تەمەنی 88 ساڵە، سەرپەرشتی سەرجەم كۆبوونەوەكانی بەرپرسانی سعودیەش دەكات، شێوازی حكومڕانییەكەی مشتومڕێكی زۆری لەناوخۆ و دەرەوەی سعودیش دروستكردووە.