لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "لە ئەنجامی بەردەوامیی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی ناوخۆ، لە ئێستادا 80%ـی هەوڵەکانی قاچاخچێتی دراو کۆنترۆڵ کراوە.
ئاوێنه: لیژنەکە دەشڵێت، "بە دیجیتاڵکردنی مامەڵە داراییەکان لە بانکەکانی عێراقدا، هۆکارێکە بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیریی ئابووری و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قاچاخچێتیی دراو لە وڵاتدا، قاچاخچێتیی دراو بەهەموو شێوەکانییەوە کاریگەری لەسەر ئابووری وڵات دروست دەکات و زیانی پێدەگەیەنێت، هۆکارێکیشە بۆ فشارخستنە سەر بازاڕەکان و بەرزبوونەوەی نرخی دراوەکان لە بازاڕدا".
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە تاوەکو بەتەواوی و بەڕێژەی 100% رێگری لەو قاچاخچێتییە بکرێت.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە داراییەکانیش لە بانکە عێراقییەکان یارمەتیدەردەبێت لە بەرزکردنەوەی سەقامگیریی ئابووری و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتیی دراو، هاوکات دەستنیشانکردنی هەوڵەکانی سپیکردنەوەی پارە لە کەمترین کاتدا و ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەو مەبەستە.