سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، پێداگری هەیە لەسەر چارەسەركردنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان پاش تەواو بوونی مەراسیمی زیارەتی چلەی ئیمام حسێن، دەشڵێت: ناتوانرێت جارێكی دیكە دەرگا كاندیدكردنی كەسی دیكە بكرێتەوە، لەئێستادا مەحمود مەشهەدانی نزیكترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
موختار موسەوی سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە دواین هەنگاوەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.
موختار موسەوی ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەبێ ڕێككەوتنی هێزە سیاسییە سوننەكان ناكرێت، ئەمەش بەو مانایەیە كە موحسین مەندەلاوی لەو پۆستە دەمێنێتەوە، هەروەها یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە لە دەستی سوننەكاندایە نەك چوارچێوەی هەماهەنگی.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كەسەی لە ئێستادا باشترین بەختی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان مەحمود مەشهەدانییە، بەڵام ڕەنگە لە هەر ساتێكدا گۆڕانكاری ڕووبدات و جارێكی دیكە بارودۆخەكە بگۆڕێتەوە، بۆیە هیچ شتێك لەم دۆسێیەدا جێگیر نییە.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەى هەماهەنگی باسی لەوەشكرد، چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری لە یەك كاندید بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، بە كۆی دەنگ پشتگیری لە هەر كاندیدێك دەكەن، كە لەلایەن ماڵی سیاسی سوننەكانەوە پێشكەش بكرێت.
میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، شەش لایەنی پەرلەمانی سوننە هەفتەی ڕابردوو كۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، كاندیدێكی نوێ پێشكەش دەكەن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەپێَی زانیارییەكان ئەو كاندیدەی لەسەری ڕێككەوتوون، زیاد جەنابییە كە لە حەلبووسییەوە نزیكە.