راوێژکاری سودانی: لە چەند رۆژی داهاتوودا مۆڵەتی وەبەرهێنان دەدرێت بە پڕۆژەی میترۆی بەغداد
  2024-08-18       326       


راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە لەبارەی پڕۆژەی دروستکردنی میترۆی بەغداد رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا مۆڵەتی وەبەرهێنانی پێدەدرێت.

ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سەباح ئەوەی ئاشکراکرد، ”لە چەند رۆژی داهاتوودا مۆڵەتی وەبەرهێنان دەدرێت بە کۆمپانیای براوەی جێبەجێکاری پڕۆژەی میترۆی بەغداد و ئێستا حکومەت لە پڕۆسەی پێداچوونەوەدایە بە وردەکاریی پڕۆژەکە و تەواوکردنی رێکارەکان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ”ئەو کاتەی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە دانراوە 48 مانگە و رووبەری پڕۆژەکە 85%ی بەغداد دەگرێتەوە، هاوکات درێژییەکەی 148 کیلۆمەترە کە دابەشکراوە بەسەر 64 وێستگەدا، لەنێویاندا 8 وێستگە بۆ گواستنەوە لە نێوان هێڵەکان و 4 پەڕینەوە کە لە نێوان کەرخ و رەسافەدا دەبێت”.

دەشڵێت، ”رێگاکە هەموو شوێنەکانی بەغداد دەگرێتەوە بە ناوچە گەشتیارییەکان و زانکۆکانەوە، هەروەها مەزارگە ئایینییە ئیسلامی و مەسیحییەکان، ناوەندەکانی بازرگانی، وەزارەتەکان، فەرمانگەکان و نەخۆشخانەکان”.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×