سەرۆکایەتیی کۆمار دەنگۆیەک لەبارەی یاسای هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە
  2024-08-17       358       
مانگی نیسانی ساڵی 2023 پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی بۆ سێیەمجار هەموارکردەوە

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێکەوتبێت بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردن.

ئاوێنه‌: لەبەیاننامەیەکدا نوسینگەی د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردۆتەوە کە لەھەندێک ماڵپەڕو سۆشیاڵ میدیا بڵاوبونەتەوە سەبارەت بەئامادەکردنی ڕەشنوسی یاسای ھەڵبژاردن و دەڵێت، مەبەست لەم ھەواڵانە دروستکردنی پشێوییە لەگۆڕەپانی سیاسیدا.

جەخت لەوەشدەکاتەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە دەگرنەبەر کە ھەوڵی بڵاوكردنه‌وەی ئەو ھەواڵانە دەدەن و دەڵێت، کار دەکەن بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان لایەنەکان لەپرۆسەی سیاسیدا بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچن بەپێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییەکان و بەدەستھێنانی ئەوەی حکومەت بەڵێنی پێدابو لەکارنامەیدا.

مانگی نیسانی ساڵی 2023 پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی بۆ سێیەمجار هەموارکردەوەو سیستمی هەڵبژاردنی لەعێراق لە 83 بازنەوە بۆ 18 بازنە کەمکردەوە، ئەوەش نیگەرانی بەشێک لەڕێكخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزبە تازەکانی لێکەوتەوە.

 بەپێی یاسای هەڵبژاردن کە ئێستا بەرکارە، سیستەمی سانت لیگۆ بۆ یەک پۆینت حەوت دەگەڕێتەوە و هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن، هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش یەک یاسایان هەیە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×