شەڕە شەق‌ لەپەرلەمانی تورکیا روویداو برینداری لێکەوەتەوە
  2024-08-17       914       

شەڕو پێکدادان لەدانیشتنی "جان ئەتالا"ی لەپەرلەمانی تورکیا روویدا، چەند برینداركیی لێکەوتەوەو بریندارێکیان گەیەندرایە نەخۆشخانە.

ئاوێنە: سەڕەری ئەوەی پەرلەمانی تورکیا لەوەرزی پشووداندایە، بەلام لەسەر بانگەوازی سەرۆکی پەرلەمان، "نوعمان کورتولموش" بۆ گفتوگۆکران دەربارەی "جان ئەتالا" کۆبووەوە، کە لەدۆسیەی پارکی گێزی زیندانی کراوەو سەڕەرای هەڵبژاردنیشی بۆ ئەندامێتی پەرلەمان، بەڵام تا ئیستا لەئەندامێتی دوورخراوەتەوە.

شەڕو پێکدادانەکە کاتێک روویدا کە ئەحمەد شیک، جێگری پارتی کرێکارانی تورکیا  (TİP)دەربارەی دوورخستنەوەی جان ئەتالا لەئەندامیتی پەرلەمان لەلایەن دادگاوە، بەتوندی رەخنەی لەپارتی دادو گەشەپێدان گرت‌و هێشتنەوەی ئەوی لەزینداندا بەنایاسایی ناوبرد.

بەکر بۆزداغ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەپارتی دادو گەشەپێدان کە سەرۆکایەتی دانیشتنە تایبەتەکەی دەکرد، ویستی بێدەنگی بکات. شیک لەم کاتەدا سەیری ڕیزەکانی فراکسیۆنی ئاکەپەی کردو وتی "ئێوە هیچ شەرمێکتان نییە. بچوکترین شەرمتان نییە. هیچ کەرامەتان نییە کە کار بەبڕیاری دادگای دەستوری ناکەن‌و ئەتالا لەزینداندا دەهێڵنەوە".

عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی گروپی ئاکەپە بانگەوازی بۆ شیک کردو وتی: بێدەنگ بە.

شیک وەڵامی دایەوەو وتی: "ئەوە تۆیت، ئەی بێشەرەف".

پاشان شیک ئاماژەی بۆ پەرلەمانتارانی ئاکەپە کردو وتی "هەمووتان پێکەوە بەقەد ئەتالای خێرتان بۆ ئەم وڵاتە نەبووە، گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەم وڵاتە ئەم پەرلەمانتارانەی ئاکەپەیە کە لەم ڕیزەدا دانیشتوون".

لەگەرمەی ئەم مشتومڕەدا، ئەلپای ئۆزالان، پەرلەمانتاری ئاکەپە بەتووڕەیی هەستا بۆ شیک‌و مشتێکی تێسرەواند کە کەوتە سەر عەرد، دواتر شەڕەکە گەورە بوو، پەرلەمانتارانی ئاکەپە‌ لەلایەک‌و پەرلەمانتارانی پارتی کرێکارانی تورکیا  TİPو پارتی یەکسانی‌و دیموکراسی گەل DEM لەلایەکی ترەوە، بەبۆکس‌و شەق پەلاماری یەکتریان دا.

پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەیانەوێت پەرلەمان کار بەبڕیاری دادگای دەستوری بکات‌و مافی پەرلەمانتاریی بدرێت بەجان ئەتالاو لەزیندان ئازاد بکرێت.

جان ئەتالای لە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢ لەسەر دۆسیەی "گزی پارکی تەقسیم"دا سزای ١٨ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. کە جان ئەتالای یەکێک لەو کەسە چالاکانەی دژی تێکدانی پارکی گزی بوون لەتەقسیم‌و ناڕازاییان دەربڕیهو ناڕەزاییەکان پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران‌و پۆلیسی لێکەوتەوە لە٢٠١٣.

ئاتالای لەهەڵبژاردنە گشتییەکەی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣، لەزیندانەوە بوو بەکاندیدی پارتی کرێکارانی تورکیاو هەڵبژێردرا.

لەتشرینی یەکەمی 2023، دادگای دەستووری بڕیاریدا بەهۆی هەڵبژاردنی بەئەندامی پەرلەمان، مافەکانی ئەتالای پێشێل کراون. داوای کرد پرۆسەی دادگاییکردنی ڕابگیرێت‌و نوێنەرایەتییەکەی قبوڵ بکرێت‌و ئاتالای ئازاد بکرێت. بەڵام دادگای باڵای تاوانەکانی ١٣ی ئەستەنبوڵ‌و دادگای تێهەڵچوونەوە ئەم بڕیارەیان جێبەجێ نەکردو ڕایانگەیاند "پابەند نابن بەبڕیارەکەوە". بەپاساوی ئەوەی دادگای دەستوری ناتوانێت بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×