هیومان رایتس ۆوچ هۆشداری دەدات لەبارەی هەمواری یاسای باری كەسێتی لە عێراق
  2024-08-16       196       

هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، هەمواری یاسای باری كەسێتی كە پەرلەمانی عێراق كاری لەسەر دەكات، لە ئەگەری پەسەندكردنیدا، لێكەوتەی كارەساتباری بۆ سەر مافەكانی ژنان و كچان دەبێت كە رێگە دەدات بە هاوسەرگیری كچانی 9 ساڵان و ئەو گرێبەستی هاوسەرگیرییانەش بەیاسایی دەكات كە تۆمارناكرێن و لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە ئەنجام دەدرێن هۆشداریشدەدات كە ئەگەر ئەم كارە رەت نەكرێتەوە، ئەوا نەوەی ئێستا و داهاتوی ژنانی عێراق، لەسایەی سیتسمێكی یاسایی پیاوسالارانەی سەركوتكەردا دەخنكێنرێن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، راپۆرتێكی لەبارەی مەترسییەكانی هەمواری یاسای باری كەسێتی عێراقی بڵاوكردەوە كە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەموارەكە كردوە.

هیومان رایتس ۆوچ لە راپۆرتەكەیدا وتویەتی، ئەگەر هەموارەكە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندبكرێت، ئەوا لێكەوتەی كارەساتباری لەسەر مافەكانی ژنان و كچانی عێراقی دەبێت كە ئەو مافانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەبێت بپارێزرێن.

هەموارەكە، وەك هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی پێداوە، رێگە بە هاوسەرگیریی كچانی منداڵی 9 ساڵان دەدات و دەشبێتە مایەی بنەمای یەكسانی بەپێی یاسای عێراقییەكەو لەباربردنی دیارترین پاڵپشتی بۆ ژنان لە تەڵاق و میراتداو هەروەها ئەوەش دەبێتە مایەی زیادبونی هاوسەرگیریی كچانی منداڵ كە ئەوەش مەترسی توندوتیژیی سێكسی و جەستەیی زیاد دەكات و سەرەنجامی زۆر حراپی لەسەر تەندروستی جەستە و دەرونی كچان دەبێت و بێبەشیش دەكرێن لە خوێندن و كاركردن.

سارە سەنبەر، لێكۆڵەری عێراق لە رێكخراوەكە وتویەتی، هەنگاوەكەی پەرلەمانی عێراقی بۆ پەسەندكردنی ئەو هەموارە، هەنگاوێكی "كوشندە دەبێت بۆ دواخستنی ژنان و كچانی عێراق و ئەو مافانەی كە سەرسەختانە بۆی كوشاون… بە یاساییكردنی هاوسەرگیریی منداڵان، ژمارەیەكی زۆر لە كچان بێبەش دەكات لە ئایندەو خۆش ژیانیان. شوێنی كچانی منداڵ قوتابخانەو یاریگاكانە لەبری ئەوەی جلی بوكێنییان لەبەر بكرێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پڕۆژەی هەمواری یاساكە، كێشەی هاوسەرگیریی كچانی منداڵ كە كێشەیەكی گەورەیەو لە زیادبوندایە لە عێراق، بەیاسایی دەكات، لەبری هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی.

پڕۆژە هەموارەكە، ئەو هاوسەرگیرییانەش دەكاتە یاسایی كە لە دادگاكان تۆمار نەكراون و لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە ئەنجامدراون و بەپێی یاسای باری كەسێتیی ئێستا، نایاسایین. هەروەها هەموارەكە ئەو سزایەش هەڵدەوەشێنێتەوە كە بۆ ئەو كەسانە دانراوە كە هاوسەرگیریی لە دەرەوەی دادگاكان ئەنجام دەدەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی راپۆرتێكی مانگی ئازاری ئەمساڵی هیومان رایتس ۆوچ، لە عێراق هاوسەرگیریی تۆمارنەكراو خۆی كێشەیەكەو لەماوەی 20 ساڵی رابردودا لە عێراق وایكردوە كە هاوسەرگیریی منداڵان بەرزببێتەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەپێی راپۆرتێكی یونیسێف، لەسەدا 28ی كچان لە عێراق بەرلە تەمەنی 18 ساڵان بەشو دەدرێن و بەپێی راپۆرتێكی یونامی-ش لەسەدا 22ی هاوسەرگیرییەكان لە عێراق تۆمار نەكراون.

رێكخراوەكە داوای لە پەرلەمانتارانی عێراق كردوە، ئەو هەوڵانە رەتبكەنەوە كە ئامانجیان داماڵینی كچان و ژنان لە پاڵپشتییە یاساییەكان و هەروەها هەنگاونان بۆ دواوە لەبارەی ئەو مافانەی بەسەختی بەدەستهاتون، رەتبكەنەوە، رەتنەكردنەوەی ئەمانە بەواتای ئەوەیە كە نەوەی ئێستا و داهاتوی ژنانی عێراق، لەسایەی سیتسمێكی یاسایی پیاوسالارانەی سەركوتكەردا دەخنكێنرێن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×