فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ توركیا رێككەوتون بنكەی سەربازیی باشیك بكرێتە بنكەیەكی مەشق و راهێنانی هێزە عێراقییەكان.
ئاوێنە: فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆنگرەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا توركەكەی، رایگەیاند، لێكتێگەیشتنی لەبواری هاریكاری سەربازیی و ئەمنی لەگەڵ توركیا ئیمزاكردوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ توركیا رێككەوتوین بنكەی سەربازیی باشیك بكرێتە بنكەیەكی مەشق و راهێنانی هێزە عێراقییەكان.
بنكەی باشیك، هێزەكانی توركیای تێدایە، فواد حسێن وتی، ئەركی بەرپرسیارێتی بنكەكە دەكەوێتەوە لای عێراق.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، عێراق پارتی كرێكارانی كوردستانی خستۆتە لیستی حزبە قەدەغەكراوەكان.
هەروەها وتیشی، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا نیگەرانی توندی خۆمان دەربڕی لەبارەی ئەو ئاڵۆزیانەی لە ناوچەكە هەن و هەروەها لەبارەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
جەختیشی كردەوە كە ناوچەكە هێشتا لەژێر مەترسی شەڕدایەو عێراق لەدژی هەر جەنگێك دەوەستێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، عێراق و توركیا پشتیوانی لە ئاگربەست لە غەززە دەكەن.