بەبێ بەشداری حەماس، لە دەوحە دانوستان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە دەستیپێكرد
  2024-08-15       235       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەبێ بەشداری بزوتنەوەی حەماس، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، گەڕێكی نوێی دانوستان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئازادكردنی بارمتەكان، دەستیپێكرد.

ئاوێنە: لە كۆبونەوەكەدا، برێت مەكگۆرك، هەماهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بیڵ بێرنز، بەڕێوەبەری CIAی ئەمریكی، شێخ محەممەد بن جاسم، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، عەباس کامل، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر، لای ئیسرائیلیشەوە دو بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە بەشدارن كە یەكێكیان دەیڤید بەرنیا، سەرۆکی دەزگای مۆساد.

بزوتنەوەی حەماس بەشداری لە دانوستانەكاندا نەكردوەو بەرپرسانی بزوتنەوەكە رایانگەیاندوە، پێویستە بەزوترین کات پلانی ئاگربەستەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، کە لە 31ـی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، پەسەند کرا، جێبەجێ بكرێت و پێویست بە دانوستانی زیاتر ناكات.

پێشتر وەزیری دەرەوەی قەتەر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە پێگەیشت و تێیدا دوایین گۆڕانكارییەكانی هەوڵەكانی نێوەندگیریی هاوبەشییان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ كردو جەختیان لە هێوركردنەوەی دۆخەكەو كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكە كردەوە.

ئەمریكا رایگەیاندوە، ئاگربەست لە غەززە، سنورێك بۆ فراوانبونی روبەری شەڕ لە ناوچەكە دادەنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×